Skip to the content

هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەڵاچۆکردنی پاشماوەکانی داعش بەردەوامن

ئەمڕۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣، لە سنووری میحوەری دوو و چواری هێزەکانی پێشمەرگە، ڕۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچەکە بەڕێوە چوو.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیواكانی ٩ و ١٦ و ١٧ و ٢٢ی  پیادە و تیمەکانی کەتیبەی ئەندازەی هێزەکانی پشتیوانیی ٢ و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان، لیواکانی ٣١ و ٥٢ی سوپای عێراقی بەشدار بوون؛ بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپا و مەفرەزە تەکنیکییەکان لە بەڕێوبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی.

ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر ٥ی بەیانی دەستی پێ کرد و کاتژمێر ١١ کۆتایی هات، کە تیایدا سنووری ناوچەکانی شۆریجە، چیمەن، حەفتا چەشم، باوە، بەنداوی شیرینە، قشڵاخ کۆن، خدر بەگ، بەلەگە، کانی شیرین، کانی قەمەڕ، دوانزە ئیمام، بەرزاییەکانی تلیشان، قۆری چایی، کانی شرینکە، کارێز حوشتر ملە، بەلەوەی خواروو، قوم بەڵەك و ئاوایی رەزا و قەڵا و حاجی عەلی کێوماڵ کران.

مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە پشکنین و لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بوو کە لە ناوچەکەدا ماون و ماوەماوە جموجۆڵیان بەدی دەکرێت.