Skip to the content

پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٢٢ی پیادە کرا

بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵانە پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، ئەمەش بەپێی نەخشەڕێگا و بەرنامە و پلانێکی ورد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی داڕێژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش پەسندی کردووە.

بۆ ئەم مەبەستە و لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پشکنینی گشتیی فێرکارییان بۆ لیوای ٢٢ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لیژنەکە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک ئەفسەری پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز تەواوی بەشەکانی لیواکەیان وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە و کۆگاکانی سووتەمەنی و چەک و خۆراک و سەنگەرەکانیان پشکنی و تیایدا ڕێکار و ڕێنماییی نوێیان بە تەواوی بەشەکانی لیوای ٢٢ی پیادە دا.

لای خۆیانەوە بەشەکانی لیوایەکە، وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو، ئامادەییی خۆیان دەربڕی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو ڕێکار و ڕێنماییە نوێیانە، کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە، هەروەها کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیواکەیان دەستنیشان کرد و ڕێگاچارەی پێویستیان بۆ دیاری کردن.

ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت و سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ دەکرێت.