Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەهێزکردنی توانای کارکردنی فیرقەکانی پیادەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە، رێککەوتی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان تیمی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ چالاککردن و بەهێزکردنی تواناکانی کارکردنی فیرقەکانی پیادەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی رێکخستنەوەی بارەگا و بەش و هۆبەکانی ناو فیرقەکان و ئەو پێداویستی و کەرەستە سەرەکیانەی، کە پێویستن بۆ فیرقە و یەکە و بەشەکانی سەر بە فیرقەکان، کە لە ئێستادا بەشێک لە پێداویستیەکانیان دابین کراوە و کار دەکرێت، بۆئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا تەواوی پێداویستیەکانی تریش دابین بکرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە تەواوکردنی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی فیرقەکانی ١ و ٢ی پیادە و بەستنەوەیان بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە کرا و رێکخستنەوەی کاری گەیاندنی نێوان فیرقەکان و لیواکانی پیادە و رێکخستی بابەتی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ لە فیرقەکاندا، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.

ئەم کۆبوونەوانە بەشێوەی خولی لە نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت، ئەوەش بەمەبەستی راوێژکردن و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر رێکخستنی ئەدای فیرقەکان.