کۆلێژی بەرگریی نیشتیمانیی عێراقی و وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگیی زیاتر دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ئایاری ٢٠٢٣، لیوا نەبەز سەڵاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی، بە ئامادەبوونی لیوا روکن یوسف مامک، بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و بەڕێوبەری هەواڵگریی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگه، پێشوازییان لە شاندێکی باڵای کۆلێژی بەرگریی نیشتمانیی عێراقی کرد.
لەو دیدارەدا پوختەیەک لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی خرایە ڕوو و داوا کرا هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە؛ هاوکات بەڕێوەبەری چاکسازی سەبارەت بە پرۆژەکانی وەک پرۆژەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، داوای کرد پەیوەندی هەبێت لەنێوان ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و ئەفسەرانی کۆلێژی بەرگری بو سوودوەرگرتن لە ئەزموون و زانیارییەکانیان.
شاندی کۆلێژی بەرگریی نیشتیمانیی عێراقی، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا لە ئاستی هەموو کۆلێژە سەربازییەکان کورسی دابین دەکڕێت بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و لە هەمان کاتدا کار بۆ ئەوە دەکرێت دەرفەتی زیاتریش هەبێت بو بەشداربوونی ئەفسەرانی پێشمەرگە لەم کۆلێژانە و ئامادەییی خۆیان دەربڕی بە پێدانی هەر زانیاری و داتایەک کە یارمەتیدەربێت بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.