بەریتانیا لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، و لیوا روکن بەختیار محمد صدیق، ئەمینداری گشتی لەدیوانی وەزارەت، پێشوازییان لە ماڕشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان، ژمێریاری سەربازی و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ئامادەیبوون، پرسی چاکسازی و خێراکردنی ڕێکارەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئالنگاری و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازی خرایە بەرباس، هاوکات بارودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆخی ئەمنی و سەربازی عێراق و هەرێمی کوردستان، و ڕۆڵی پێشمەرگە لەشەری دژی داعش بەشێکی گفتوگۆکانی ناو ئەم دیدارە بوون.
لە دیدارێکدا، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی بەریتانیا لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی کرا، و تیشک خرایە سەر بەردەوامبوونی ئەرکەکانی ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەپرسی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژدان بەهێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیکردن لەرووی لۆجستیەوە.
ستافی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕایانگەیاند:" لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی شەری دژی داعش بوونە پاڵنەری بنچینەیی بۆ دانانی پلانێکی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت دا "، هاوکات ڕاشیانگەیاند:"پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بە ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی "، و پابەندبوونی وەزارەتیشیان دووپاتکردەوە لە هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە دیدارەکەدا، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا ماڕشاڵ سامی سامپسۆن، دووپاتی لە بەردەوامبوونی پشتگیری بەریتانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە، بەتایبەت لە پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و راشیگەیاند:" هێزی پێشمەرگە شان بەشانی ئێمە شەری بەدەست هێنانی ئاشتی و ئاسایشی لەناوچەکە کردوە بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە هاوبەشیکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبین".