جێگری سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی چوارشەممە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لیوا روکن هۆشمەند حیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ستیفانۆ سلڤادۆری، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان، و شاندێکی یاوەری کرد.
دیدارەکەدا، باس لە واژووکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەی نزیکدا لە بارەی مەشق و لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە کرا، لە تەوەرێکی دیکەدا تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی هێزەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزی پێشمەرگە، و جێگری سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا وڵاتی ئیتاڵیا لەڕێگەی ڕاوێژکارەکانیەوە لەهاوپەیمانیەتی نێودەولەتی دژی داعش هاوکار و دۆستێکی باش بوو لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لەبەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کراییەوە.