فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئەڵمانیا كۆتایی ئه‌ركه‌كه‌ی راگه‌یاند
له میانەی سه‌ردانی كۆلۆنێل دیریک بۆلینگەر، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، كۆتایی ئه‌ركه‌كه‌ی بە سەرۆکی ئەرکان راگه‌یاند و ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەیەکی نزیکدا جێگره‌وه‌كه‌ی لە هەرێم دیاری دەكرێت.
رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی له كۆڵۆنێڵ دیریک بۆلینگەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوه‌ری کرد.
له‌دیدارێكدا، كه عمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وه‌زاره‌ت ئاماده‌ی بوو، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئەڵمانیا له‌هه‌ولێر كۆتایی ئه‌ركه‌كه‌ی به سەرۆکی ئەرکان راگه‌یاند.
سەرۆکی ئەرکان ستایشی ئه‌رك و كاری ماوه‌ی رابردووی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئەڵمانیای كرد له هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه و راشیگه‌یاند: ''شانازی به پێكه‌وه كاركردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئەڵمانیا و هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین، كه ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. ''
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا رایگەیاند: ''لەماوەی کارکردنم لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە قارەمانیەتی و گیانفیدایی لە پێشمەرگەدا بینیووە، ئاماژەی بەوەشدا، کە لەدوایی گەڕانەوەشم دڵم لەگەڵ پێشمەرگە و کوردستان دەبێت و هیواشم وایە کە وڵاتەکەم هەمیشە بە دۆست و پاڵپشتی پێشمەرگە بمێنێتەوە.''
له‌كۆتایی دیداری ماڵئاوایی، کۆڵۆنێڵ دیرک بۆلینگەر، دیاری و ڕێزلێنانی تایبه‌تی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەی له به‌رامبه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه لە لایەن سەرۆکی ئەرکانەوە پێبه‌خشرا.