Skip to the content

به‌ ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا ئاڵوگۆر کرا

رۆژی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەومیرە، لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی و عمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، ژمارەیەك لە فه‌رمانده‌ و ئەفسەرانی پلە باڵای هێزی پێشمەرگە، لە بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی رادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە كۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ سلفادۆری، بۆ كۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ، بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا، کۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ سلفادۆری، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە وتەیەکدا رایگەیاند: ''ئێستا کاتی ئەوە هاتووە من ئێوە و هاوڕێیانم جێبهێڵم، دەمەوێت سوپاس پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد.''

ئاماژەشی بەوەدا کە هەموو ئەو دەسکەوتانە بەدیهاتن بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازیەکانی وڵاتانی هاوپەیمان هاتوونەتە دی و گوتیشی :'' جێگای شانازی و دڵخۆشییە ڕاهێنەرانی پێشمەرگە دەبینین کە بە باشترین شێوە زانیاری مەشقەکان ئەنجام دەدەن.''

فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا گوتیشی: ''شانازی دەکەم بەوەی کە کارم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و دڵخۆشم کە بەهەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردوە.''

پاشان کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند: ''شانازیەکی گەورەیە بۆ من کەوا ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان دەکەم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.''

لە بەشێکی تری وتەکەیدا فەرماندەی نوێی هێزەکان ئیتاڵیا گوتی:'' ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە مەبەستی بنیادنانی هێزێکی تۆکمە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا پشت بە هێزو توانای خۆیان ببەستن.''