Skip to the content

تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی میرەی کرد

رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بەیاوەری کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان، سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی میرەی سەربازییان کرد و لەلایەن عەقید فەرمان زراری، جێگری بەڕێوبەری میرە و ئەفسەرانی میرەی گشتی پێشوازییان لێکرا.

ئامانجی سەردانەکەی بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی میرەی سەربازی، دڵنیابوون لە پێداویستیەکانی هێزی پێشمەرگە و پەرەدان بە تواناکانی میرە، پاشان بەشێوەی مەیدانی بەش و کۆگانی میرەی بەسەرکردەوە و دووپاتیشی لە بەردەوامی پاڵپشتیەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە.

جێگری سەرۆکی ئەرکان، دەست خۆشی لە بەڕێوبەر و ئەفسەرانی بەڕێوبەرایەتی میرەی گشتی کرد و کارەکانیانی بە جێگای رەزامەندی وەسفکرد و رایگەیاند: ''بەڕێوبەرایەتی میرە لە هەر سووپایەک زامنی دڵنیایی کردنە لە دابینکردنی پاڵپشتی و کەلوپەلی یەدەگ و پێویست بۆهێزی پێشمەرگە لە هەموو بارودۆخێک.'' هاوکات ئامادەیی وەزارەتیشی نیشان دا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەک بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی تواناکانیان.

هەر ئەمڕۆ، وەک نیشاندانی ڕێز و وەفا بۆ خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەت لە شەری دژی تیرۆرستانی داعش و پاڕاستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم، هەمان شاند سەردانی گلکۆی شەهیدی فەرماندە عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی پێشووی لیوای ١٨ی پیادەییان کرد و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفایان پێشکەش بە رووحی شەهید کرد.