جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان پێشوازی لە تیمێکی سەربازیی هاوپەیمانان کرد
رۆژی پێنجشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، پێشوازی لە تیمێکی سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ ڕۆب و شاندی یاوەریکرد.
لە دیدارێکدا هاوکارییەکانی هێزی هاوپەیمانان بۆ فیرقەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە ڕووی پێداویستیە لۆجستیەکان و مەشق و ڕاهێنان گفتوگۆی لەبارەوە کرا. هاوکات پلانی مەشق و ڕاهێنانی پەسەند کراوی ساڵانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی فیرقەکاندا گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا.
لەلای خۆیەوە لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاندی میوان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربڕی و هاوکات داوای فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لەپرسی مەشق و ڕاهێناندا.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی سەربازیی هاوپەیمانان دڵخۆشی خۆیان بەکارکردن لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربڕی و یەکگرتنەوەی چەند یەکەیەکی جیاوازی هێزی پێشمەرگەیان بەهەنگاوێکی گرنگ و پێویست زانی بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپات کردەوە.