Skip to the content

دوو ئۆپەراسیۆنی بۆ کێوماڵ کردنی بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامدران

رۆژی چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لیوای ١٤ی پیادە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق لە باکوری چیای قەرەچوغ  لە پارێزگای هەولێر، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنی ئەنجام دا.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، لیوای ١٤ی پیادە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا، لە بۆشایی ئەمنی نێوان هەردوولادا گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا، بەمەبەستی دڵنیایی زیاتر لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی هاووڵاتیان لە هەڕەشەکانی تیرۆریستان.

هەر هەمان رۆژ بە سەرپەرشتی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین، فەرماندەی فیرقەی ١ی پیادە، لیوای ٢١ی پیادە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان ئەنجام دا.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، لیوای ٢١ی پیادە بە درێژایی ١٦ کیلۆمەتر لە نێوان گوندەکانی کوشاف و ئەبوشیتە کێوماڵ و گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا، ئەمەش لەپێناو دڵنیا کردنەوەی خەڵکی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، لە هەڕەشەکانی تیرۆریستان.