فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ستیفانۆ سلڤادۆری فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو دیدارەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند و هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە بڕیارە بەمنزیکانە جێگرەوەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی کۆڵۆنێڵ ستیفانۆ سلڤادۆری، کرد کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لەهەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاریکردوە بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت لەپرسی یەکگرتنەوەی هێزەکان و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پرۆژە یاسای چاکسازی، هاوکات سەرۆکی ئەرکان هیوای سەرکەوتنی لەئەرکی داهاتوو بۆ خواست و سوپاسی تیمی سەربازی وڵاتی ئیتاڵیاشی کرد و ڕۆڵی تیمی سەربازی ئەو وڵاتەی لەهەرێمی کوردستان بەرزنرخاند.