لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سمینارێک لە دەربارەی توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر بەڕێوەچوو
رۆژی پێنجشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن وهۆشیاری نیشتمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یەکترقبوڵکردن و ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سمینارێکی چوار ڕۆژەی لەبارەی پتەوکردنی تواناکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خرمەتگوزاری کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی جێندەری و ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبرد.
لەو سمینارەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێوودەوڵەتییەکان و لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن وهۆشیاری نیشتمانی ئامادەیبوون، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتەیەکدا، تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بەتایبەت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی هەرێم و هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەرێگەی دامەزراوە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا چەند بابەتێک لەسەر ناساندنی پرۆگرامی ڕاهێنانی هێزی ناوخۆ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی جێندەری هۆکار و جۆرەکانی توندوتیژی و دەرئەنجامەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگە بۆ بەشداربووان خرایە ڕوو.
لەبەشێکی دیکەی سمینارەکەدا، تیشکخرایە سەر ڕۆڵی هێزی ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و هەماهەنگی کردن لەگەڵ داموودەزگاکانی مەدەنی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکان و زیانەکانی ماددەی هۆشبەر.