Skip to the content

هەڵسەنگاندن بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرا

رۆژی پێنجشەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیداەومیرە، نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی ٨٠٫٧٠ی هێزی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرا.

لەو کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.

ستافی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامن و هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و خۆشبەختانە هەنگاوی گرنگ و باش نراوە و خواستی بەرەوپێشبردنی ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی هەیە.
ئاماژەشیان بەوەدا کە پلانیان ئەوەیە تەواوی بەرنامە و برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بکەن.

لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشی خۆی بەهەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند: ''بەگرنگییەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە.''
ئاماژەی بەوەشدا کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەین.