Skip to the content

کۆبوونەوەی دەوری فیرقەکانی پیاده بەڕێوەچوو

رۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، نوینەری فەرماندەیی هێزەکانی(٨٠٫٧٠) و فەرماندەی فیرقەکانی یەک و دووی پیادە، ڕاوێژکاری وەزارەت و بەڕێوبەری بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان، و ژمارەیەک لەبەڕێوبەرایەتیە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەی فیرقەکان بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی دواین بەرەوپێشچوونەکانی دامەزراندنی فیرقەکانی یەک و دووی پیادە و بەربەستەکانی بەردەم هەردوو فیرقەکە خرایە بەرباس، بەتایبەت کە بریار وایە بەمزوانە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگەکانی بەردەم کاروباری فیرقەکان چارەسەربکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگی کردن لە نێوان فیرقەکان و دروستکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لە نێوان لیواکان و فیرقەکانی پیادە کرا.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو کارنامەییەی کە لە نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ئەمریکا دا واژووکراوە کرایەوە، بە تایبەت کە خشتەیەک داندراوە بۆ سەرخستنی ئەرکی فیرقەکان لە داهاتوو دا.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەموان هاوڕا بوون کە بەئەرک بینینی زیاتری فیرقەکان سەنگەرەکان و ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشتر و تۆکمەتر دەبن و سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ بەهێزتر دەبێت و دواتر بە سەرنج وبیروڕا گۆرینەوە لەسەر باشترکردنی کاروبارەکانی هەردوو فیرقەی یەک و دووی پیادە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.