Skip to the content

کۆڵۆنێڵ گاجێڕۆ بۆ وەزیری پێشمەرگە: ئیدارەی واشنتۆن دڵخۆشن بە گەڕانەوەت بۆ ئەرکەکەت

هەریەک لە بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لەهەرێم و بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی ئەو ووڵاتە لە هەولێر، ستایشی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دەکەن و ڕاشیدەگەینن:" بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزیکی نیشتمانیی تۆکمە هیوای زۆریان بە وەزیری کاروباری پێشمەرگە هەیە.'' و لەمڕووەشەوە، پاڵپشتیی و هاوکارییەکانی خۆیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپاتکردەوە. 

رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەکنێنزی، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێل مایکڵ گاجیرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری کاروباری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
 
وەزیری شۆڕش ئیسماعیل، ڕایگەیاند:'' هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرە و باشتر هەنگاو بنێن، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بۆ رووبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان.''

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەنەڕاڵ مەکێنزی، هیوای خواست قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دوور مەودا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە هەمووان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازی زیاتر پەرە پێبدەن و ستایشی هەوڵەکانی ڕابردووی وەزیری کاروباری پێشمەرگەی کرد لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
لەلای خۆیەوە کۆڵٶنێل گاجیرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دڵخۆشی واشنتۆنی لە گەڕانەوەی وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاند و وتیشی :'' ئومێد دەخوازین وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە هەنگاوی گەورە و گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.