تەرمی شەهیدی فەرماندە موقەدەم پۆشۆ خالید بە خاک سپێردرا
رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و د.نەجات عەلی، بەرپرسی هێزەکانی٨٠ و لیوا سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر ــ مەخمور، ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسانی حکومی، لە گۆڕستانی پیرداود لە سنوری پاڕێزگای هەولێر لە ڕێوڕەسمێکی سەربازی شکۆداردا، تەرمی شەهیدی فەرماندە موقەدەم پۆشۆ خالید، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا بەرپرسی هێزەکانی٨٠ی هێزی پێشمەرگە وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی بنەماڵەی شەهیدی فەرماندە موقەدەم پۆشۆ خالید کرد لە بەرگری كردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان و رایگەیاند:''سەرباری لەدەستدانی ئەم فەرماندە و مێرخاسانە ،بەڵام بۆ هەمیشە لە دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا بە زیندووی دەمێننەوە.''
شەهیدی فەرماندە دوایی برینداربوونی لە چیای قەرەچوغ و چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەرەبەیانی رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپارد و گەیشته کاروانی شەهیدان.