Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ مایک گەچیرۆ کۆبووەوە

رۆژی دووشەممە، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە مایک گەچیرۆ، بەرپرسی نووسینگەی ھاریکاری ئاسایشی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لە ڕووی مەشق و راهێنان و لۆجستی و راوێژکارییەوە کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ، لەبارەی بەرە و پێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەبارەی یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، بۆ ئەمەش هەردوولا جەختیان لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسی نووسینگەی ھاریکاری ئاسایشی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەکە پیشاندا.