سەرۆکی ئەرکانی وەزارەت پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد
رۆژی یەکشەممە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ثرۆمان مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەژێر رۆشنایی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربڕی.