Skip to the content

بە دۆکیومێنتاری ''لەکۆبانێ بووین'' ساڵیادی چوونی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کودستان بەرز راگیرا

رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ئومێد خۆشناو، پاڕێزگار هەولێر و د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە دۆکیومێنتاری ''لە کۆبانێ بووین''، ساڵیادی چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ بەرز راگیرا.

نۆ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دوای ١٣٤ رۆژ رووبەڕووبوونەوەی شەڕڤانان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش، رۆژ بە رۆژ ئابڵوقەی داعش لەسەر شەڕڤانان زیاتر دەبوو، رووبەری نزیکەی ٨٠%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و بە هەزاران کەسیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش ئاوارەببوون.

ئەو کات لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانەی ئەو شارە کرا و توانرا بە هاوکاری هاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندی کوردانی رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێش رزگار بکرێت.

رۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای سەرۆک مسعود بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی رەوشی کۆبانێ کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی بەشێوەیەکی فەرمی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی پەسەند کرا.

لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان ١٥٠ پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووک و قورس بە ٤٠ ئۆتۆمبێلەوە بەرە و شاری کۆبانێ بەڕێکەوتن و بە درێژایی رێگا لە باشوور، باکووری کوردستان تا گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە سروودی نیشتمانیی و بە چەپڵە لێدانەوە پێشوازییان لێکرا.

لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە باڵانسی شەڕەکە گۆڕاو، لە کاتێکدا کۆبانێ تەنیا ٢٠٪ی لە دەستی شەڕڤانان مابووەوە، بەڵام پێشمەرگە و شەڕڤانان شانبەشانی یەکتری رووبەڕووی داعش بوونەوە و توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەکە بوون لەدەستی چەکدارانی داعش دەربێنن و دوای ئەوەش ناوەندی شارەکە بە تەواوەتی لە داعش پاک بکەنەوە و کۆبانێ لە مەترسی کەوتن رزگار بکەن.

رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥، یەکەم شەھیدی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بە ناوی زێرەڤان ئەکرەم، لە رۆژئاوای کوردستان گیانی پێشکەش بە خاکی کوردستان کرد و شەھید بوو، ژمارەیەکی دیکەی پێشمەرگەش بریندار بوون.

پێشمەرگەی کوردستان لەسەر داوای شەڕڤانان وەک هێزی پشتیوان بەشداری شەڕەکانی کرد، لەدوای تەواوبوونی شەڕەکەش چەکەکانی خۆیان بەخشیە شەڕڤانان و ئەوکاتەی ئەرکی ئەوان کۆتایی هات، بە سەربەزی گەڕانەوە وڵات.