Skip to the content

تیمێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان سەردانی بنکەی ئەسنادی دهۆکیان کرد

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە،  بە یاوەریی لیوا بەشدار عەبدوڵڵا، ڕاوێژکاری وەزارەت و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و جێگرانی بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی، نوێنەری کۆمپانیای ئەمینتومی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان، سەردانی بنکەی ئەسنادیان لە دهۆک کرد و لەلایەن عەمید ئەیاد حوسێن، فەرماندەی بنکە و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێ کرا.

ئامانجی سەردانەک لە نزیکەوە دڵنیابوونە لە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی بنکەی ئەسنادی دهۆک و لێکۆڵینەوە لە پرکردنەوەی میلاک و باشترکردنی کاروبارەکانیان و پشتیوانیکردنی داواکارییەکانیان بە پێی توانا.

لە کۆتاییی ئەو سەردانەدا جێگری سەرۆکی ئەرکان دەستخۆشی لە بەڕێوبەر و ئەفسەرانی بنکە کرد و کارەکانی ئەو بنکەیەشی بە جێگای ڕەزامەندی وەسف کرد و ڕایگەیاند: هەبوونی ئەم جۆرە بنکانە زامنی دابینکردنی پاڵپشتییە بۆ هێزی پێشمەرگە لە کاتی پێویست، هاوکات ئامادەییی وەزارەتیشی پێشان دا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی تواناکانیان.

پێشتر لە کارنامەی ستراتیژی وەزارەت و بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەکاتی پێویستدا، بریاری دروستکردنی دوو بنکەی ئەسنادی دەرکرد، ئەرک و کارەکانی یەکێک لە بنکەکانیش دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و دەشتی نەینەوا.