Skip to the content

شاندێکی باڵای یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ئەڵمانیای فیدڕاڵیان کرد

بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی یاسایی و شرۆڤەی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیای فیدڕاڵ، شاندێکی باڵای یاسایی وەزارەت کە پێکهاتبوو لە دادوەر دادیار حەمید، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی سەربازی هەرێمی کوردستان و دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازی یەک و لیوای مافپەروەر کەمال طالب، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، سەردانی وڵاتی ئەڵمانیایان کرد.

لەو سەردانەدا، شاندی یاسایی وەزارەت لەگەڵ دادوەران بۆریس وێنتزک و فولهابر و سخافیر، ڕاوێژکارانی باڵای یاسایی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیای فیدراڵ و چەند بەرپرسێکی باڵای یاسایی بۆماوەی دوو ڕۆژ گفتوگۆ و شرۆڤەی یاسا بەرکارەکانی هەردوولا کرا.

ئامانج لە گفتوگۆکان سود وەرگرتن بوو لە ئەزموونی یەکتر لەکاتی جێبەجێکردنی یاساکاندا و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکان لەکاتی ڕوبەڕووبونەوەی چەکداری و پێدانی ڕاوێژی یاسایی بە فەرماندەکان لەکاتی ڕوودانی ئاڵۆزی سەربازی لەڕووی یاساییەوە.

لەکۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیای فیدراڵ بەڵێنی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوپاتکردەوە و هەردووڵا هیوا خوازبوون بەردەوامی بەم جۆرە کۆبوونەوانە بدڕێت بەمەبەستی سودوەرگرتنی یاسایی زیاتر لەنێوانیان.