Skip to the content

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ نوێنەرانی فرقەكان١و٢، هێزەكانی پشتیوانی ١و٢ فەرماندەی لیواكان، فەوجەكان و نوێنەرانی بنکەکانی مەشق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازی یەک و سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بنەماکانی هۆشیاری وەک یەکێک لە ئەرکەکانی لیژنەکەیە بۆ فەرماندەکان روونکردەوە.
 
کوردەوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە ئاستی فەرماندەی لیواكان و ئەفسەران لەسەر ئاستی هەموو یەكە سەربازییەكان هەمووان وەک یەک تیم ڕۆڵیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بەڕێوبەرایەتیانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو ڕاپۆڕتەی لیژنەی باڵای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوە ماددە هۆشبەرەکان  هەبوو هەر یەکێکیان لەلای خۆی ئەرکەکانی خۆی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلیەکان لە ئایندەدا لەگەڵ لیواکان و هەموو ئەو دامودەزگانەیانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم ڕاپۆرتە روون کردەوە.