هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هێزەكانی ئەمریكا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، نوێنەری فەرماندەییی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ـی هێزی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، ڕاوێژکارانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریکا کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنییەتیی جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بەپێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.
ستافی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان و ئاماژەیان بەوەش دا پرۆژەیاسای چاکسازیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتیمانییە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بنیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانیی گۆشکراو بە بیر و باوەڕە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانە و بەردەوامبوونیشیان لەسەر هەنگاوەکانیان دووپات کردەوە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشیی خۆی بەهەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و ڕایانگەیاند: ''بە گرنگییەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە." هاوکات ئاماژەیان بەوە دا "بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان خێراتر بکەن."