Skip to the content

پێداویستییە تەندروستی و میدیاییەکان رادەستی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کران

لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی ئەڵمانیا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لە رێوڕەسمێکدا، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ دێرک بۆلینگەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەڕێمی کوردستان واژۆیان لەسەر رێکەوتننامەیەکی هاوبەش کرد، کە تایبەت بوو بە دابین کردنی بەشێک لە پێداویستییە میدیایی و تەندروستییەکان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لەم بەشەی هاوکارییەکاندا سوپای ئەڵمانیا پێداویستی و ئامێری تایبەتی بۆ راییکردنی کاروباری میدیا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری دابین دەکات، هەروەها جانتای فریاگوزاری تەندروستی دەبەخشێت بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
سوپای ئەڵمانیا وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، لە چەندین بواری جیاوازدا هاوکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کردووە.