Skip to the content

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو

رۆژی پێنج شەممە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند بابەتێک کرا لەوانە پێشکەوتنەکانی باری ئاسایشی عێراق و هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و ڕاونانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دامەزراندنی سیستەمێکی زانیاریی تۆکمە و یەکگرتوو لەبارەی دادپەروەری تاوانکاری کرا، ئەمەش بە دامەزراندنی داتابەیسێک، کە ئەرشیفی دادوەری لەخۆ بگرێت بە گوێرەی ستاندەرە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی، کە تۆمەتبارن بە ئەنجام دانی کاری تاوانکاری، بەگوێرەی ستانداردەکانی دادپەروەری تاوانکاری.

هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی رێککەوتنی ئاسایشی هاوبەشی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، تایبەت بە پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.

هەر لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دەرەوەی ڕاسپارد، کە پەیوەندی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەیدا بکات بۆ چالاککردنی لیژنەکانی ئاسایشی دوو قۆڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاسایشی سنوور نێوان هەردوو وڵات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە چەند بابەتێکی دیکەی لە بەرنامەی کاردا تاوتوێ کرد و ڕێوشوێنی پێویستی سەبارەت بەو بابەتانە گرتەبەر.