Skip to the content

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیی لە بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە جەنەراڵ مایکل ئیکەر، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بەرپرسی ئۆفیس هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، بریکاری وەزارەت جەختی کردەوە لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و پێکەوەکارکردن لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات دواپێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری هاوپەیمانان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

جەنەڕاڵ مایکل ئیکەر، دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردن و پێشکەشکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەش دا کە خوازیاری کارکردنی زیاترن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم ڕووەشەوە ئامادەییی هەر هاوکارییەکی پێویستن.

دەربارەی ناوەرۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بریکاری وەزارەت ڕوونی کردەوە، دڵخۆشن بە دەرئەنجامەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە و قۆناغەکانیش لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کە دواجار بە سوودی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و هەنگاوێکیشە بۆ بنیادنان و دروستکردنی هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی کە جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بێت.