جێگری سەرۆکی ئەرکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی ڕاهێنانی خۆراگری کرد
![](/media/22079/img_1111.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133389312960000000)
رۆژی دووشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، کۆبوونەوەی دەوری هەڵسەنگاندنی ڕاهێنانی خۆڕاگری کوردستان تایبەت بە فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، گرنگترین بەرەوپێشچوونەکانی دامەزراندنی تەواوەتی فیرقەکان خرایە بەرباس، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی فیرقەکان و خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تایبەت بە دروستکردنی فیرقەکان کرا.
پاشان میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی دروستکردن و زیادکردنی ژمارەی فیرقەکان خرایە بەرباس و چەندین سەرنج و تێبینی لەبارەیانەوە خرایە ڕوو.
جێگری سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە، کە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە و راشیگەیاند، لەمبارەیەوە هەنگاوی باش نراوە.
لە کۆبوونەوەکدا لیوا روکن هۆگر صلاح الدین، فەرماندەی فیرقەی یەک و لیوا روکن ڕێبوار، فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە و کۆڵۆنێڵ روب دویت، ڕاوێژکاری باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی وەزارەت و ڕاگری کۆلێژی ئەرکان ئامادەی بوون.