Skip to the content

ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازییان لە پشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا کرد

ڕۆژی ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەت لە شاری هەولێر، پێشوازییان لە جەنەڕاڵ کارستن برویر، پشکنەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا کرد.

لە دیدارێکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، پلان و بەرنامەی داهاتووی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و بابەتە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

سەرۆکی ئەرکان لەگەڵ دەربڕینی سوپاسی وپێزانینی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ پشتگیری هاوپەیمانان و تیمی سەربازی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند:'' گرنگیدانی زیاتر بە پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ خێراترکردن پرۆگرامی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاری لەپێشینەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە سەرەرای هەبوونی کەم وکوڕی، وەزارەت بەردەوام دەبێت لەم ئەرکە وبۆ ئەمەش چاوەروانی زیاترمان بە  هاوکاری وهەماهەنگیەکانی دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پێشخستن و سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان.''

 لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و ڕاهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.