تاوتوێی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا
رۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە ومیرە و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرە گشتیەکانی وەزارەت و نوێنەری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەبارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارە کارگێرییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە نوێنەری کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارە کارگێرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوو، نوێنەری کۆمپانیای جێبەجێکار پوختەیەکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان و بۆ بەشداربووان خستەڕوو، کە گەیشتوون بە چ ئاستێک، پاشان لەلایەن ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە تیشک خرایە سەر گرنگی هەبوونی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و رایگەیاند: ''وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە پێی پرۆژە یاسای چاکسازی هەنگاو بە هەنگاو پێ دەنێتە قۆناخی نوێگەری و نوێبوونەوە لە بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێرییەکان و هەموو هەوڵێکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە ئاڕاستەی دابینکردنی باشترین سیستەمی سەرچاوە مرۆییەکانە بۆ کارئاسانیکردن لە بەڕێوەچوون و رایکردنی کاروبارەکان لە ناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە.''