Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی ڕاهێنانی خۆراگری کرد

رۆژی دووشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری  سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، کۆبوونەوەی دەوری هەڵسەنگاندنی ڕاهێنانی خۆڕاگری کوردستان تایبەت بە فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، گرنگترین بەرەوپێشچوونەکانی دامەزراندنی تەواوەتی فیرقەکان خرایە بەرباس، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی فیرقەکان و خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تایبەت بە دروستکردنی فیرقەکان کرا.

 پاشان میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی دروستکردن و زیادکردنی ژمارەی فیرقەکان خرایە بەرباس و چەندین سەرنج و تێبینی لەبارەیانەوە خرایە ڕوو. 

جێگری سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە، کە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە و راشیگەیاند، لەمبارەیەوە هەنگاوی باش نراوە.

لە کۆبوونەوەکدا لیوا روکن هۆگر صلاح الدین، فەرماندەی فیرقەی یەک و لیوا روکن ڕێبوار، فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە و کۆڵۆنێڵ روب دویت، ڕاوێژکاری باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی وەزارەت و ڕاگری کۆلێژی ئەرکان ئامادەی بوون.