Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی  ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کرد. 

لەدیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، بەرنامە و پلانی داهاتووی هاوبەش و گرنگی دان بە بنکەکانی مەشق و ڕاهێنان، دواین هەوڵەکانی وەزارەتی  پێشمەرگە لەپڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکەو هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس.

 لەتەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لەیاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕا بوون لە سەر جێبەجێکردنی برگەو خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە: وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بە ئەنجام دەگەینن. 

لەکۆتایی ئەو دیدرەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگی دانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەئەنجام گەیاندنی کۆی ئەو پرۆسەیە، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەپاڵپشتی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان لەناو پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان کاری لەسەر دەکات.