Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی ٢٠ پزیشکی پسپۆڕی بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە دابین کرد

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٠ پزیشکی نەشتەرگەریی جۆراوجۆری دیاری کردووە کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی پێشمەرگە بکەن، بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشی و نەشتەرگەری بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە بکەن.

ڕۆژی ٣١ ی ئابی ٢٠٢٣، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەوە دا "بە خۆشحاڵییەوە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بە تەنسیبکردنی ٢٠ پزیشک بە چەند پسپۆرییەكی جیاوازەوە، لەوانە: نەشتەرگەریی گشتی، پسپۆرییەكانی هەناو، چاو، قورگ و لوت و گوێ، جوانکاریی تایبەت بە بریندار و پەككەوتە، بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە."

سەرۆکایەتیی ئەرکان ئاماژەیان بەوەش دا: "ئەم هەنگاوەی وەزارەتی تەندروستی کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە و دەستی نەخۆشخانەکە واڵاتر دەکات بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ پێشمەرگە و  بریندارانی پێشمەرگە و خێزانی شەهیدان و ئەنفاكراوان  بە خێزان و باوك و دایكیانەوە پێشکەش بکرێت، بەتایبەت ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەم بوارانەی کە باس کراوە."

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەسەر ئەرکی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە دروست کراوە و یەکێکە لە گرنگترین ئەو پرۆژانەی کە حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ وەک دیاری پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووه‌.