به ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە مەراسیمی ئاڵوگۆری فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی کلاوس سترایکەر، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محمد سدیق، ئەمینداری گشتی و لیوا سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر ـ مەخموری هێزی پێشمەرگە، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، لە بارەگای فەرماندەییی هێزەكانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە كۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندەر هامپ، بۆ کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی بەڕێوە چوو.
لەو مەراسیمەدا، کۆڵۆنێڵ هامپ، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەڵمانیا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی گوتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە من ئێوە و هاوڕێیانم جێبهێڵم، دەمەوێت سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم، کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد، گوتیشی: هەموو ئەو دەسکەوتانە بەدی هاتن بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و جێگەی شانازی و دڵخۆشییە ڕاهێنەرانی پێشمەرگە دەبینین کە بە باشترین شێوە و زانیاری، مەشقەکان ئەنجام دەدەن.
فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند: شانازی دەکەم بەوەی کە کارم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و دڵخۆشم کە بەهەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
پاشان کۆڵۆنێڵ لارس، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: شانازییەکی گەورەیە بۆ من، کەوا ئەمڕۆ فەرماندەییی هێزەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان وەردەگرم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.