Skip to the content

بەڕێوه‌بەری چاکسازی پێشوازی لە ڕاوێژکاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری ڕەگەزی لە عێراق کرد


ڕۆژى ۲۲ــی نیسانی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە خاتوو ئیدا مویمە، ڕاوێژکاری باڵا و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری ڕەگەزی کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا کە نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران و تیمی پرۆژەی یەکسانيی مافی ئافرەت و پیاو ئامادەی بوون، تیمی پرۆژەکە پوختەیەکی پێشکەش کرد و  پاش وەرگرتنی بۆچوونی شاندی میوان، خاتوو ئیدا خۆشحاڵيی خۆی بە هەبوونی ئەو جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، و بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەژمار کرد، لەو ڕووەی کە وەزارەتی پێشمەرگە، گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و بابەتی یەکسانی لە مافەکانی ئەفسەران و کارمەندانی پیاو و ئافرەت یەکێکە لەو بابەتانەی گرنگیيان پی دەدرێت.

لە کۆتاییدا، بەڕێوه‌بەری چاکسازی سەردانەکەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەرز نرخاند و پاڵپشتیيەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازی بە شێوەیەکی گشتی و بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە بە تایبەتی، بە کارێکی گرنگ وەسف کرد و هیوای خواست ئەم هەماهەنگیيەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.