لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق کۆبوونەوە
ڕۆژی دووشەممە ٨ــی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبووونی فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ژەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق بەڕێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمنیی نێوانیان دووپات کردەوە، ئەمەش بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە.
شایانی باسە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، لیژنە لاوەکییەکان، کە لەلایەن لیژنەی باڵای سەربازییەوە دامەزراون، چەند کۆبوونەوەیەکیان لە بەغدا کرد، تیایدا مەترسییەکانی داعش و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هەڵسەنگاندنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاووتوێ کران.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەڕووی سەربازی کردەوە.