وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکان دڵخۆشکەرن
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ـی نیسـانی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکان و ئەمینداری گشتی، هەردوو فەرماندەی یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ـی پێشمەرگه، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشـمەرگە و تیمی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، بە گرنگییەوە باس لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی سەرجەم هێزی پێشمەرگە کرا. لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیوای زیاتری هاوبەش و جێکردنەوەیان لە دروستکردنی فیرقەی نوێدا.
وەزیری پێشمەرگە، ڕوونی کردەوە: هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکان دڵخۆشکەرن، و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، پرۆسەی یەکخستنەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانی ۷۰ و ٨۰ بۆ سەر وەزارەت بەردەوامی دەبێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆڵونێڵ گاچێڕۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هاوپەیمانان، ڕاپۆرتێکی پوختی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازیی پێشمەرگە خستە ڕوو، هاوکات هەردوو فەرماندەی فەرماندەییی هێزەکانی ۷۰ و ٨۰، سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان خستە ڕوو.