Skip to the content

بە هاوکاریى هاوپەیمانان کۆنفرانسی هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشچوونی فیرقەکانی پیادە بەڕێوە چوو

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٤ــی نیسانی ٢٠٢٤، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جەنەڕاڵ ئیکەر، جێگری فەرماندەی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، و ژمارەیەک لە بەڕێوه‌بەرانی گشتی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، کۆنفرانسی هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشچوونی فیرقەکان، تایبەت بە چۆنیيەتی بەڕێوەبردنی پلانی مەشق و ڕاهێنانی (cpx) بەڕێوە چوو.

کۆنفرانسەکە، بە خوله‌كێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان ڤیدیۆ نمایشێک لەسەر ئاستی هەردوو فیرقەکانی پیادە پێشکەش کرا، دواتر بە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل، وردەکاری و چالاکیيەکان و چۆنیيەتی پێشخستنی کارەکانی فیرقەکانی پیادە بۆ ئامادەبووان ڕوون کرایەوە.

لەو کۆنفرانسەدا، سەرۆکی ئەرکان هەڵسەنگاندن و بۆچوونی خۆی لەبارەی کۆی کارەکان و پێکهاتەی ئێستای فیرقەکان دا و چەندین سەرنج و تێبينیشی لەسەر باشترکردنی کار و ئەرکەکانی فیرقەکان و پێشخستنی پلانی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت لەسەر ئاستی فیرقە خستە ڕوو، هاوکات گوتیشی "بە پێویستى دەزانم سوپاسێکی بێ پایانى دۆستانمان لە هاوپەیمانان و ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا بکەم، و ئێمە بە ئومێدەوە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە هاوپەیمانیيەتيی نێودەوڵەتی دەڕوانین. لەم ڕوانگەیەوەش پاڵپشتی و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمه‌ریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرز دەنرخێنین."

هه‌روه‌ها جەنەڕاڵ ئیکەر، جێگری فەرماندەی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، باسی لە پێکهاتەی فیرقەکان و چۆنیيەتی گەیاندنی پاڵپشتيی لۆجستی وەک تەقەمەنی لە کاتی پێویست و سەرکردایەتيی کۆنتڕۆڵ بۆ باشتر ڕایيکردنی کاروبارەکان کرد، و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕۆڵی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتيی لۆجستی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان کە لەناوبردنی تیرۆرە.