Skip to the content

بەڕێوه‌بەری چاکسازی سەرپەرشتیى کۆبوونەوەی پرۆژەی پزیشکيی وەزارەتی کرد

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ۲۳ی نیسانی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی، بە ئامادەبوونی د. ڕەزا اسماعیل، بەڕێوه‌بەری گشتيی کاروباری پزیشکی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی تیمی پرۆژەی پزیشکيی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، کە بە هەماهەنگی و پاڵپشتيی تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازيی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە مێجەر ئەلیکس و مێجەر ئادگار، ڕاوێژکارانی سەربازيی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، تیمه‌كه‌ پوختەیەکی پرۆژەكه‌يان پێشکەش کرد و بۆچوونی بەشداربووانیان وەرگرت، بۆ تەواوی وردەکارییەکانی پرۆژەکه‌.

لە لایەن خۆیەوە بەرێوەبەری چاکسازی ڕایگەیاند: ڕەشنووسى پرۆژەکە لە بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازی ئامادەکراوە و بەرز کراوەتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتیش پلان و قۆناغەکانی پرۆژەکە جێبەجێ دەکات پاش پەسەندکردنی.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری پزیشکيی وەزارەت جەختی لە گرنگيی پرۆژەکە کردەوە، و وەک پێویستیيەکی هەنووکەیی لە قەڵەمى دا.

لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوه‌بەری چاکسازی، سوپاسنامەیەکی پێشکەش بە مێجەر ئەلیکس، ڕاوێژکاری سەربازيی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد، کە لە ماوەی شەش مانگی پێشوو کاری کردووە بۆ پاڵپشتی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەت و لە لایەن خۆیەوە مێجەر ئەلیکس دیاری پێشکەش بە لیوا نەبەز کرد وسوپاسی پاڵپشتی و هاندانیانی کرد.