بەڕێوهبەری چاکسازی پێشوازی لە ڕاوێژکاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری ڕەگەزی لە عێراق کرد
![](/media/26179/img_4185.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133583314670000000)
ڕۆژى ۲۲ــی نیسانی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە خاتوو ئیدا مویمە، ڕاوێژکاری باڵا و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری ڕەگەزی کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا کە نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران و تیمی پرۆژەی یەکسانيی مافی ئافرەت و پیاو ئامادەی بوون، تیمی پرۆژەکە پوختەیەکی پێشکەش کرد و پاش وەرگرتنی بۆچوونی شاندی میوان، خاتوو ئیدا خۆشحاڵيی خۆی بە هەبوونی ئەو جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، و بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەژمار کرد، لەو ڕووەی کە وەزارەتی پێشمەرگە، گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و بابەتی یەکسانی لە مافەکانی ئەفسەران و کارمەندانی پیاو و ئافرەت یەکێکە لەو بابەتانەی گرنگیيان پی دەدرێت.
لە کۆتاییدا، بەڕێوهبەری چاکسازی سەردانەکەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەرز نرخاند و پاڵپشتیيەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازی بە شێوەیەکی گشتی و بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە بە تایبەتی، بە کارێکی گرنگ وەسف کرد و هیوای خواست ئەم هەماهەنگیيەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.