Skip to the content

بەڕێوەبەری چاکسازی پێشوازی لە تیمی ڕاوێژکاریی وڵاتی ئیتاڵیا کرد

ڕۆژی سێشەممە ۱٦ی نیسانی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سەلاح صدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ سیرافینی، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، و کۆڵۆنێڵ ئیسێرکیتۆ ڕاوێژکاری سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەولێر کرد.

لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا، کە عمیدی ئەندازیار شاخەوان سەلام، بەڕێوبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پرۆژەکان ئامادەی بوو، بەڕێوەبەری چاکسازی، جەختی لە گرنگیی پاڵپشتیی وڵاتی ئیتاڵیا بۆ مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە لە بواری مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتیی ڕاوێژکاری بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە، لە لایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ، باسی لە تەرخانکردنی ڕاوێژکاری پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی کرد، بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژی پێویست بۆ ژمارەیەک پرۆژە و بەرنامەی چاکسازی لە وەزارەت، هەروەها پلانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی خولی زمانی ئیتاڵی بۆ ئەفسەران و کارمەندانی  وەزارەتی پێشمەرگە شانبەشانی گرووپی ڕاوێژکارانی سەربازیی فرەنەتەوەییی وڵاتانی  هاوپەیمان دەربڕی.

شایەنی باسە، وڵاتی ئیتاڵیا هاوشێوەی وڵاتاتی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ئەندامە لە گرووپی ڕاوێژکارانی سەربازیی فرەنەتەوەییی هاوپەیمانان ناسراو بە(MNAG)، لە کۆتاییی ساڵی ۲٠۲۳ـەوە پەیوەندی بەو گرووپەوە کردووە.