Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد

ڕۆژی هەینی ١٢ــی نیسانی ٢٠٢٤،  کە هاوکاتە لەگەڵ سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە، سەردانی بارەگای لیوای٧ـی پیادەی لە سۆران  و سنوری ئەرکی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لە سنوری حاجی ئۆمەران ــ چۆمان کرد و لە لایەن عمید فقێ محمد عادۆ، فەرماندەی لیوا و ئەفسەرانی هێزی پشتیوانیی یەک پێشوازییان لێ کرا.

لەم سەردانەدا، سەنگەر و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەیان بەسەر کردەوە و پیرۆزباییی جەژنی ڕەمەزانیان لە تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکان کرد و هیوای ئەوەیان خواست کە ئەم جەژنەیان بە ئاسوودەیی کردبێت و لە هەمان کاتیشدا گفتوگۆیان لەبارەی پێداویستییە ئیدارییەکانی هێزی پێشمەرگە لەو سنورە کرد و بەڵێن درا کار لەسەر تەواوی ئەو پێداویستییانە بکرێت کە پێویستن بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنورەکەدا.