Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پێشوازی لە پاشکۆی سەربازيى باڵیۆزخانەی ئیتالیا لە بەغدا کرد

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٤ــی نیسانی ٢٠٢٤، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لۆجی سامبین، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئیتالیا لە بەغدا و کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ سیرافینی، فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە لیوا ڕوکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتى پێشمه‌رگه‌ ئامادەی بوو، چالاکیيەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئیتالیايى لە هەرێمی کوردستان لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکارییەوە خرایە بەر باس، هاوکات تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامی هێزەکانی ئیتالیا بۆ هێزی پێشمەرگە.
سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵيی خۆی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ئیتالیا لە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتیى دژی داعش لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا كرد.

لە کۆتایيی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازيی ئیتالیا و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە بەردەواميی پشتگیريی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی پرۆژەکانی جێی بایەخی هه‌ردوولا لە هەرێمی کوردستان كرايه‌وه‌.