Skip to the content

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆتایيی ئەرکەکەی ڕاگەیاند

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ ٢١ــی نیسانی ٢٠٢٤، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کردبوو، تیایدا ماڵئاوایيی یەکجاری لە سەرۆکی ئەرکان و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لەو دیدارەدا کە تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، کۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندەر هامپ، کۆتایيی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند، و کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، وەک جێگرەوە و فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ناساند.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بە کۆڵۆنێڵ هامپ گەیاند و ستایشی ئەرک و ماندووبوونی ماوەی ڕابردووی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ڕۆڵی کۆڵۆنێڵ هامپی لە یارمەتیدان و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و لە هەمان کاتیشدا بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ (لارس)ـی کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواست و هاوکات ئامادەیيی وەزارەتیشی نیشان دا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگیيەک لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان.

سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەش دا: هەماهەنگی و هاوکارییەکانی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆڵێكى گرنگیيان هەبووە لە پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی، بە تایبەت کە پاڵپشتیيە لۆجستیيەکانی تیمی سەربازيی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کاریگەريی تایبەتی هەبووە لە گەشەسەندنی کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە.