بەشێکی دیکەی پێداویستيی پزیشکی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرا
ڕۆژى پێنجشهممه ١٥ی ئابی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، و بهشێك له بهرپرسانى وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگه و بهرپرسانى هێزهكانى ئهڵمانيا، لە مەراسیمێکدا، بەشێکی دیکەی کۆمەک و هاوکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، ژمارەیەک له کۆڵەپشتی سەربازی، کە پێداویستیيەکانی فریاگوزاريی سەرەتایی لەخۆ دەگرت، ڕادەستی بەڕێوهبەرایەتيی میرەی گشتيی سەربازيی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە کران.
لەمبارەیەوە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لە گوتەیەکدا سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیاى کرد، بۆ ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە بەردەوام پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن، بە شێوەیەک کە هاوکارییەکان کاریگەریيان هەبووە لە سەر بەهێزکردنی بواری تەندروستی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا،
ئاماژەی بەوەش دا كه: ئەڵمانیا لە سەرەتای شهڕى داعشەوە تا ئێستا هاوکار و ههماهەنگ بووە، ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی بواری پزیشکی.
جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاس و پێزانینی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەی ئاراستەی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: وڵاتی ئەڵمانیا لە ماوەکانی ڕابردوودا خزمەتێکی بەرچاوی هەبووە، بە تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی زۆرینەی یەکە سەربازییەکان لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا.
هەر لەو مەراسیمەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانمان بەردەوامن و هاوکارییەکانی ئەمڕۆش نیشانەی پەیوەنديی بەهێزی نێوان تیمی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگەیە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوێکی ئەرێنیيشە لە بنیادنانی هێزی پێشمەرگە.
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش دا: لە ساڵی ئايیندەدا پلانمان هەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکاريی دیکەش بەڕێوەیە، بەپێی پلانی ساڵی ٢٠٢٤.