بەڕێوهبەری چاکسازی پێشوازی لە ڕاوێژکاری باڵای داکۆکیکردن و پاراستنی مافهكانى ئافرەتان لە نووسینگهى یونامی کرد
ڕۆژى دووشهممه ٥ی ئابی ٢٠٢٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سلاح سدیق، بەڕێوهبەری چاکسازی، پێشوازی لە ماری ئۆنیوا، ڕاوێژکاری باڵای پاراستنی ئافرەتان و ژنان، لە نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ (یونامی) لە هەولێر کرد.
لەمیانی کۆبوونەوەیەک، بەڕێوەبەری چاکسازی بەوردی باسی ڕۆڵی خانمانى کرد لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە و جەختی کردە سەر کاری وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەی بەشداريی ئافرەت لە نێو پێشمەرگە و هاندانیان بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستی کارا، بۆ زیاتر خزمەتکردنی پێشمەرگە، سەرەڕای ئەو پرۆژانەی لە نێو بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە کاریان لەسەر دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەكهدا، تیشک خرایە سەر کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگهی کوردی، کە ڕێز لە پێگەی خانمان دەگرێت، لەلایەن خۆیانەوە خاتوو ماری پاڵپشتيی نەتەوە یەکگرتووەکانی نیشان دا بۆ ئەو هەنگاوە ئەرێنیيانەی وەزارەت کاریان لەسەر دەکات و ئامادەیيی خۆیانی نیشان دا بۆ کردنەوەی خول و وۆرکشۆپ و سیمیناری پێویست. بڕیاریشه لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی، لە نزیکەوە کار لەسەر ئەو بابەتانە بکات کە باسیان لێوه کرا.