وەزیری پێشمەرگە سەرپەرشتيی کۆبوونەوەی نێوان وەزارەت و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانانی کرد
ڕۆژى سێشهممه ١٣ـی ئابی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی گرنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ راپ براندستێتەر، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەرییان بهڕێوه چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا كه بهشێك له بهرپرسانى وهزارهت ئامادەى بوون. چەند بابەتێکی گرنگى پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە هاوکاری و پشتیوانيی بەردەوامی هاوپەیمانان تاووتوێ کران.
وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانانی کرد و ڕایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و پێشینەی کارکردنمان بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بە هاوکاريی دڵسۆزان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەروەها شۆڕش ئيسماعيل لەبارەی پێکهێنانی فیرقەکانهوه ڕایگەیاند: هەوڵەکانمان بەردەوامن لەپێناو دروستبوونی فیرقەی زیاتر و خێراترکردنی پرۆسەکە، لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە.
لەبارەی کێشەی لیوای نۆی پیادە و ئەو فەوجانەی کە بێبەشبوون لە پێدانی هاوکاريی مانگانەی هاوپەیمانان، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە دڵنیایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان دا و ڕایگەیاند: داوامان لە هاوپەیمانان کردووە هاوکارمانبن لە چارەسەرکردنی کێشەکان، تاکوو لە مانگەکانی داهاتوو ئەوانیش سوودمەند بن لە هاوکاريی مانگانەی هاوپەیمانان کە بۆ لیواکانی پیادەی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە دابین دەکرێت.
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەبارەی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی، دڵخۆشيی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە و ئومێد دەکەین یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا، بگاتە ئەنجامی گرنگ و پێویست، هەروەها بەردەواميی پاڵپشتیەکانی هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و کاری پێكەوەیی لە نێوان هەردوولادا و بەردەوامی پەیوەندییەکان دووپات کردەوە.