ئهفسهرێكی وهزارهتی كاروبارى پێشمهرگه نیشانەی ڕوکن و بڕوانامەی ماستەری لە زانستی سەربازی بەدەست هێنا
لە ڕۆژانی ٥ و٦ی ئابی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمیداری گشتيی وەزارەت، بە بۆنەی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی سەربازی، پیرۆزباییان لە عهقید ڕوکن دانا جەلال، ئەفسەر لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
عهقید ڕوکن دانا جەلال، پاش چواردە مانگ لە خوێندن لە بوارەکانی نەخشە و پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەنجامدانی ڕاهێنانی هاوبەش لە وڵاتانی یەکێتيی ئەورووپا، ئەمهریکا، ڤێتنام، پاکستان و کۆماری قوبرسی یۆنانی، پاش وەرگرتنی چەندین وانەی سیاسی و ستراتیژی و پەیوەندیيە نێودەوڵەتیيەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەفسەرانی بەریتانیا و ئەفسەرانی هاوپەیمانان، کە لە ٥١ وڵاتی جیاواز بەشدار بوون، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٤ توانی بەسەرکەوتوويی لە کۆلێژی ئەرکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، نیشانەی ڕوکن و بڕوانامەی ماستەر لە زانستی سەربازی بە دەست بهێنێت.
بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە کۆلێژی ئەرکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەرخەری ئەو ڕاستیيەیە کە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە وەک چۆن لە پاراستنی سەنگەرەکان توانیویانە پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکەن، هەروەها لە وەرگرتنی زانست و زانیاريی نوێيش لە کۆلێژە سەربازییە نێودەوڵەتیيەکان، پێشەنگی سەرکەوتنەکانن لەنێو ئەفسەرانی وڵاتانی جیاواز. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ خزمەتکردن بە پێشکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە زانست و زانیاريی نوێ و سەردەمیيانە.