خولێکی تایبەت بە یاسای نێودەوڵەتيی مرۆیی بۆ فەرماندە سەربازییەکان کرایەوە
ڕۆژى سێشهممه ٢٠ی ئابی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی، کەمال تالیب سەلام، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و بەڕێوهبەری ڕاگەیاندن و بەڕێوهبەری هۆشیاريی نیشتمانی و ژمارەیەک لە ئەفسەران، لەلایەن ڕێکخراوی (ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی) خولێکی تایبەت لەبارەی پێکدادانی چەکداری و پرسە سەربازییەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەرانی فیرقەی یەکی پیادە کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی لە گوتەیەکدا بە ناوی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەوە سوپاسی ڕێکخراوی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی کرد بۆ کردنەوەی خولەکە و هیوای خواست زانیاريی نوێ و پێویست بە فەرماندەکان ببەخشێت، هاوکات جەختی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە گرنگیيەوە بایەخ بەم جۆرە خولانە دەدات، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیريی یاسایی و پابەندبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە یاسا نێودەوڵەتیيەکان، هەروها ڕایگەیاند: ئەم جۆرە خولانە وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکسازی، ڕۆڵیان دەبێت لەسەر تواناى بيركردنهوه و ئاراستە نیشتمانی و یاساییەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
پاشان سەرپەرشتیاری ڕێکخراوى (ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی)، گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگيی یاسای نێودەوڵەتی و ناوەرۆکی بابەتەکانی خولەکەی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.
شایانی باسە خولەکە ماوهى دوو ڕۆژ دەخایەنێت و وانەکانی خولەکەش لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی بواری یاسای نێودەوڵەتی پێشکەش دەکرێن.