Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەردانی بارەگای لیوای دووی پیادەی کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە یاوەری شاندێکی باڵای ئەفسەرانی وەزارەت، سەردانی بارەگای لیوای دووی پیادەی کرد و لەلایەن فەرماندە و ئەفسەرانی لیواکە پێشوازییان لێ کرا.

لە سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە فەرماندەی تازەی لیوای دووی پیادە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها ڕێنماییی پێویستی بە ستافی تازەی لیوا دا، پاش بینینی بارودۆخ و ڕەوشی توانا سەربازییەکانی لیواکە، لە پێداویستی و داخوازیی لیوای دووی پیادەی کۆڵییەوە و بەڵێنی دا پێداویستی و کەموکوڕییەکانی لیواکە چارەسەر بکات و کاریش لەسەر تەواوی ئەو پێداویستییانە بکرێت، کە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان پێویستن.
لەلایەن خۆشیانەوە فەرماندە و ئەفسەرانی لیواکە، دڵخۆشی خۆیان بە سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکان و تیمی یاوەری دەربڕی و ئامادەیی و ورەبەرزی هێزی پێشمەرگەیان لە سەنگەرەکان دووپات کردەوە.

لە وێستگەی کۆتاییی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان یەکەیەکی مەشقی چەکی مامناوەند لە جۆری (دۆشکە) لە لیوای دووی پیادەی بەسەرکردەوە کە بۆ بەشێک لە پێشمەرگەکانی بارەگای لیوا کرابووەوە، سەرۆکی ئەرکان دەستخۆشی لە ڕاهێنەران و مامۆستا و ئەفسەرانی مەشقی لیوا کرد، کە بەدڵسۆزییەوە ئەرک و کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و ئاماژەی بەوە دا بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنان کلیلی سەرکەوتنی سوپایە، لەم ڕووەشەوە ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە گرنگییەکی زۆرمان بەم بابەتە داوە و هەمیشە پاڵپشتی لە پلان و پرۆگرامی ساڵانەی مەشق دەکەین، بۆ ئەوەی بەردەوامیی بەم جۆرە خولانە بدرێت و هەوڵبدرێت زۆرترین پێشمەرگە سوودمەند بێت.